سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە بەغداد و بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات
هەولێر – نۆرس پرێس
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانی دەرەوەیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، گەیشتە بەغدا و دواتر سەردانی نەجەف، بەسرە و هەرێمی کوردستان دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، پێشوازی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی ژمارەیەک پارێزگای شیعەنشینی عێراق و مەزارگە دەکات. هەروەها بڕیارە سبەی پێنجشەممە، سەردانی هەرێمی کوردستان بكات.
چاوەڕێ دەکرێت پزیشکیان ژمارەیەک یاداشتنامەی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆ بکات. پێشتر سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران گوتبووی، دەیەوێت کارە لە پێشینەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
سەرۆککۆماری ئێران، بەرلەوەی بەرەو بەغدا بەڕێ بکەوێت، لە فڕۆکەخانە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی “پارێزگا شیعەنشینەکان و شارە کوردنشینەکان دەکەین”.