شەهیدبوونی شەش ئەندامی هەسەدە لە سەر رێگای دێرەزوور-حەسەکە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، شەش ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە گولەی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە سەر رێگای نێوان دێرەزوور-حەسەکە، شەهید کران.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “شەش ئەندامیان بە فیشەکی چەکدارانی نەناسراوەوە، شەهیدکراون، لەکاتێکدا بەڕێکەوتبوون بۆ  شاری حەسەکە بۆ بەسەربردنی پشوویەک، ئەگەری زۆرە سەر بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بن.”

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئەندامانە سەر بە هێزەکانی خۆپاراستنن و خەڵکی شاری حەسەکە و گوندەواری حەڵەبن.

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، “داعش ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات چڕتر کردوەتەوە و لە شێوەی گروپی بچووکدا لە بیابانی دێرەزوور خۆیان حەشارداوە”.

پاش ماوەیەک لە روداوەکە ئاژانسی هەواڵی ئەعماقی نزیك لە داعش، وێنەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: “وێنەیەكی ئەو شەش ئەندامە پێش ئەوەی بە ئاگری چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە باكووری دێرەزور بكوژرێن”.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستیپێکراوە، لەم دواییانەدا گوندەواری دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردن بەخۆوەدەبینن، کە زیاتر ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتیی هۆزەکان و دانیشتووان دەکەن بە ئامانج.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە 128 کردەوە دژ بە “هەسەدە” راگەیاندووە کە زۆربەی لە ناوچەکانی دێرەزوورن.

ئامادەکردن و داڕشتن: محەمەد قازی