خۆپیشاندانی ژنان لە ئیدلب

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە دەیان ژن لە شاری ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، لەدژی سیاسەتە ئەمنییەکان و هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشو) ئەنجامدەدرێت، و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانیان كرد.

سەرچاوە خۆجێییەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، بە دەیان ژن بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکدا کرد لەبەردەم بینای بەناو “رەد ئەلمەزالم”ی دەستەی تەحریر شام، داوای دەركردنی سەركردەی ئەو گروپە و ئازاد كردنی زیندانیانیان كرد.

تەحریر شام هێزە ئەمنییەكانیان لە شوێنی خۆپیشاندانەکەدا بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ژنان بكەن بۆ بینای ” رەد ئەلمەزالم “.

لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا كە لەژێر دەستی دەستەی تەحریر شامە، بەردەوام خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام دەدرێت، و داوای دەركردنی سەركردەی ئەو گروپە ئەبو محەممەد جولانی، و لەم دواییەشدا بەهۆی دەستگیركردن و مامەڵەی توندی ئەمنی خۆپیشاندان لەو ناوچەیە كەم بۆتەوە.

دەستەی تەحریر شام لەم دواییانەدا  “دەستەی رەد ئەلمەزالم”ی دامەزراند بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی زیندانیان، بەڵام لە ڕاستیدا تا ئێستا هیچی نەکراوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد