ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی باس لە بەئامانجکردنی سەرکردەیەکی باڵای سەربازی داعش دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی چوارشەممە، ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی، ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سوپای ئەمریکا و هێزە عێراقییەکان لە ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدرا، ئامانج لێی گەیشتن بە فەرماندەیەکی مەیدانی باڵای داعش بوو کە سەرپەرشتی كردەوە تیرۆریستییەكان ئەو رێكخراوە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

 شەممەی ڕابردوو سوپای ئەمریکا برینداربوونی 7 سەربازی وڵاتەكەی لە كاتی ئۆپەڕاسیۆنێكی ئەمنی لە لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی رایگەیاند، زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریکی و عێراقی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ رێگری كردنە لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی ڕەتیانکردەوە ناسنامەی ئەو سەركردە بەئامانجگیراوانەی داعش و سەركردە باڵاكا ئاشكرا بكەن، تاوەکو شیکاری دی ئێن ئەی بۆ تەرمەکانیان ئەنجام بدرێت.

 چارڵز لیستەر، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی سوریا و دژە تیرۆر لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند، عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام ” داعش لە سوریا نیگەرانییەکی زۆر دروست دەکات”

ئاماژەی بەوەشکرد، “پەناگە کۆنی داعش، لە بیابانی ئەنبار، پێویستیان بە چاودێریکردنی بەردەوام دەبێت ئەگەر بمانەوێت داعش لە سوریا دزە نەکاتە ناو عێراق”

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە