نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له‌ باڵيۆزى هيندستان له‌ عێراق كرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە مەبەستی كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى، پێشوازیی له‌ باڵيۆزى هيندستان له‌ عێراق كرد.

بەگوێڕەی راگەیێندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى سوپاس وپێزانينى هه‌رێمى كوردستانى پێشكه‌ش به‌ پراشانت پيسێ، باڵيۆزى هيندستان كرد بۆ ئه‌رك‌ و هه‌وڵه‌كانى له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌ عێراق له‌پێناو بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌روه‌ها هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێيدا بۆ خواست.

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى هيندستان سوپاسى نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پشتگيرييه‌ى له‌ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌يدا لێى كراوه‌، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌واميى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ كونسوڵى گشتيى هيندستان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، تاوتوێ كران.