داعش یەكێك لە هێرشەكانی دژی “هەسەدە”ی  لە دێرەزوور لە ئەستۆگرت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی هەینی، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، و دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” هێرشێكی دژی “هەسەدە” بە بۆمبێكی چێندراو راگەیاند.

سەرچاوەیەكی سەربازی هێزەكانی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەكدارانی نەناسراو هێرشیان كردە سەر بازگەیەكی پشكنینی هێزەكانمان لە دەروازەی شارۆچكەی نەملییەی باكوری شاری دێرەزوور، و زیانەكان تەنها ماددی بوون.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکە بارەگایەکی هێزەكانی “هەسەدە”ی لە شارۆچکەی شەحێل کردە ئامانج و هێرشی سێیەمیش بارەگایەکی لە شارۆچکەی درەنج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، زیانەكانیانیش تەنها ماددی بوون.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، شەڕ و پێکدادانێکی پچڕپچڕ لە نێوان “هەسەدە” و میلیشیاكانی “دیفاع وەتەنی” لە چەند شوێنێکی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە سەر ڕووباری فورات ڕوویداوە و بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکرێت.

لە شارۆچکەی جەرزی ڕۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور، چەكدارانی نەناسراوە بۆمبێكی چێندراویان بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”دا تەقانداوە، و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەكانی سوریای دیموكرات برینداربوون، دواتر داعش لە ڕێگەی پەیجە نزیکەکانییەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە راگەیاند.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان