سوپای ئەمریکا و هێزە عێراقییەکان کوژرانی 15 چەکداری داعشیان راگەیاند

هەولێر –  نۆرس پرێس

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا “سێنتکۆم” رایگەیاند، لەئۆپەراسیۆنێکى هاوبەشی سوپای ئەمریکا و هێزە ئەمنیەکانی عێراقدا توانیویانە 15 چەکداری داعش لە ئەنبار بکوژن.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەو چەکدارانەی کوژراون چەندین چەک و بۆمب و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێبووەو.

راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدراوە و ئێوارەى رۆژی هەینى راگەیەندراوەو، دەشڵێت ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و سنووردارکردنی تواناكانی ئەو رێکخراوە بووە، كە پلانی هێرشیان لەدژی هاوڵاتییانی سڤیل و هاوڵاتییانی ئەمریکی و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان لە عێراق دادەنا.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێنج سەربازیان برینداربوون و دووانى دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکرد، باری تەندروستی سەرجەمیان جێگیرە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە چەند مانگێکە بەغداد و واشنتۆن، سەبارەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دانوستان دەکەن، بەبێ ئەوەی وادەیەکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەیان رابگەیەنن.

ئەمریکا نزیکەی 2500 سەرباز لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیش لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراندووە.