کۆبانێ – نۆرس پرێس
لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان، دەستی بە پڕۆژەیەک کرد بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ناوچەی پیشەسازی باشووری ئەو شاررە.
مەسعوود بوزی، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ ڕایگەیاند، “پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەدایە بۆ ساڵی 2024، بەمەبەستی گەیاندنی ئاو بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستیکردووە بە درێژکردنەوەی تۆڕی ئاو لەڕێگەی هێڵی سەرەکی و لقەکانی ناو ناوچەی پیشەسازی، بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا ئاو بگەینیتە نوسینگەی ئۆتۆمبێل و گوندەکانی نزیك ئەو ناوچەیە.
بەپێی قسەكانی بوزی، کۆی تێچووی پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمیدا 100 هەزار دۆلارە، و لە ماوەی دوو مانگدا جێبەجێ دەکرێت.
بوزی ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە تێیدا خەزنەیەکی بەرز و وێستگەیەکی ئاو دادەمەزرێت، بۆ ئەوەی ئاو بگاتە ماڵ و کێڵگە و گوندەکانی نزیک ناوچەی پیشەسازی.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تۆڕێکی بۆری 13-14 هەزار مەتر بە تیرەی جیاواز لە 32 ملم بۆ 160 ملم لە قۆناغی یەکەمدا لە چوارچێوەی ناوچەی پیشەسازییەکەدا درێژدەکرێتەوە.