هێرش دەكرێتە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی دووشەممە – سێشەممە، چەندین هێرش كرایە سەر بارەگا و بازگەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە گوندەواری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور ڕایگەیاند، چەكدارانی نەناسراو تەقەیان لە هێزەكانمان كرد، و هێزەکانی “دیفاع وەتەنی” سەر بە حكومەتی سوریا، كە لە رۆژئاوای فوراتەوە جێگیرکراون، بارەگایەکی هێزەکانی “هەسەدە”یان لە نزیک پردی عەشارەی شارۆچكەی درەنجی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور كردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەندامانی “هەسەدە” و هێرشبەرەکاندا ڕوویدا و دوای گەیشتنی پشتیوانی بۆ ئەندامانی “هەسەدە” پێکدادانەکان کۆتاییان هات، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و برینداری هەبێت”
لە شارۆچکەی زیبانی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، کەسانی نەناسراو تەقەیان خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد، لە دەروازەی شارۆچکەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بكەوێتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەكانی “هەسەدە” لە نزیک شارۆچکەی سەبحەی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور تەقەی لێكرا.
لە شارۆچکەی حەنینەش لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور پێکدادان پچڕپچڕی لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و “دیفاع وەتەنی” لە ڕۆژئاوای فورات، ڕویدا.