هەڵکەندن لە نزیک گردێکی شوێنەواری لە شاری عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە نۆرس پرێس دیمەن و وێنەی هەڵکەندنی تۆماركرد لە نزیک گردی شوێنەواریی گوندی قیبار لە نزیک شاری عەفرینی داگیركراو.

سەرچاوە تایبەتەکان باس لەوە دەکەن کە ئامێرێکی هەڵکەندن و ئەندامانی میلیشیای “موعتەسم”ی سەر بە تورکیا لە نزیک گردی قەریبا قیبار بەدوای شوێنەوار و زێڕدەگەڕێن، لەو شارە داگیركراوەی رۆژئاوای كوردستان.

ئەو گردە پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا چەندین جار هەڵکێندراوە، و ئەوە دە ڕۆژە ئەو گروپە دەستیان بە هەڵکەندن كردۆتەوە.

قیبار گوندێکی ئێزیدییە و دەکەوێتە نزیک شاری عەفرین، مەزارگەیەکی ئێزیدی لەخۆدەگرێت بە ناوی “چل خانە” (چل بەهار)، بەر لە داگیركردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، خێزانە ئێزدییەکان بە مەبەستی بەرکەوت سەردانیانی ئەو شوێنەیان دەكرد، بەڵام لە كاتی داگیركردنی شاری عەفرین، میلیشیاكانی توركیا لە ساڵی 2020 ئەو شوێنەیان تێكدا و ماموە ماوە هەڵیدەكەنن.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرینی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2022، تێكدانی 69 شوێنی شوێنەواری و 31 مەزارگەی ئایینییان بەڵگەداركراون.

ئامادەکردنی: سوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: ئاگید مشمش