ئەمەریکا: ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێکی بڵاو کردەوە لەبارەی کۆبوونەوەکانی ستیڤن بیتنەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان.

ڕۆمانۆوسکی رایگەیاند، کونسوڵی گشتی نوێی ئەمریكا لە هەولێر ستیڤ بیتنەر، لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی “هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەراوەرانە” لە 20ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا کردووەتەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.

 باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە”.