“هەسەدە” هەوڵێكی دزەكردنی میلیشیاكانی ئێران پووچەڵ دەكاتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەنجوومەنی سەربازیی “هەجین”ی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی “ڕژێمی سوریا و ئێران”یان پووچەڵ کردووەتەوە، كە هەوڵیان دەدا بچنە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە شاری دێرەزوور.

ئەنجوومەنەکە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند، “هێزەکانمان لە ئەنجومەنی سەربازی هەجین هەوڵی دزەکردنی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و میلیشیاکانی ئێرانیان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور پووچەڵ كردەوە”.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی ڕایگەیاند، هێزەکانی “هەسەدە” ژمارەیەك چەكداری کردە ئامانج کە دەیانویست بپەڕنەوە بۆ ناو شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پێكدادان لەنێوان هێزە سەربازییەکان و چەکدارەکان رویدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەک چەکدار کە هەوڵی دزەکردن و هێرشكردنیان دەدا بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی “هەسەدە” دوای پێكدادانەكە، کشانەوە بۆ بارەگاکانی سەر بە میلیشیاكانی ئێران و هێزەکانی حکومەت.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان