چارلسی سێیەم بە فەرمی بووە پادشای بەریتانیا

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

لەچوارچێوەی رێوشوێنە دەستورییەکان بۆ دەستبەکاربونی پادشای نوێی بریتانیا دوای کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێزی دوەم ئەمڕۆ لە کۆشکی سانت جەیمس لە لەندەن ئەنجوومەنی تەختی شاهانە رایگەیاند، چارلسی سێیەم بە فەرمی بووە پاشای بەریتانیا.

دەستبەکاربوونی چارلسی سێیەم  دوای دوو ڕۆژ لە مردنی ئێلیزابێزی دوەم دێت كه‌ لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ لەسەر تەختی پاشایەتی بوو.

له‌رێورەسمه‌كه‌دا چارلسی سێیەم گوتارێكی پێشكه‌شكرد و ڕایگه‌یاند  “بەردەوام دەبین لەسەر ئەو نەریتەی بەریتانیا لەسەری ڕاهاتووه‌”.

بەپێی داب و نەریتی بەریتانی چارلس لەو ساتەوەختەی دایکی کۆچی دوایی کردوه‌ بوو بە پاشا، بەڵام دەستبەکاربوونی فەرمی دوای کۆبوونەوەی تەختی پاشایەتی بوو.

دوێنێش (9ی ئه‌یلوولی 2022)، شا چارلس له‌ گوته‌یه‌كدا بۆ گه‌لی به‌ریتانی له‌باره‌ی كۆچی دوایی شاژنه‌ ئێلیزابێسی دایكییه‌وه‌ ئاشكرایكرد، شازاده‌ ولیامی كوڕی گه‌وره‌ی له‌ شوێنی ئه‌و ده‌بێته‌ جێنشینی پادشای به‌ریتانیا و میری وێڵز.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌:هۆزان زوبێر