سوپای ئەمریكا ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکوومەت و سوپای ئەمەریکا وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
هەروەها دەڵێت، کۆمەڵێک چەک، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە.
ڕاشیگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان و ئەمەریکا دەبێت.
وەزیری پێشمەرگەی دەڵێت”حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان، سوپاسی زۆری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەکەین، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و حکوومەتی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە هاوکاریی کردنی هێزەكانی پێشمەرگە “.
ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، سوپاسی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپا سالاری عێراق دەکەین، کە هەوڵی زۆریان دا و ئاسانکاریی زۆریان کرد، تاکو ئەم چەکانە بگاتە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە، کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی لە خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگە، کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات.