لە 2018 وە.. هەڵکەندنی دوو ملیۆن درەخت لە عەفرین

رەققە – نۆرس پرێس

بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لایەنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن لە ساڵی 2018ەوە دوو ملیۆن درەختیان لە عەفرین لە رەگەوە هەڵکێشاوە.

لەم ماوەیەی دواییدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە؛ کە تیایدا گۆڕانکاری گەورە لە رووپۆشی ڕووەکی شاری عەفرینی داگیرکراودا و دیمەنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا پیشان دەدات لە کاتی بڕینەوەی درەختی دارستانەکانی عەفریندا.

دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوبەری گشتی ژینگە، لە بەڕێوبەری خۆسەر، راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا سەرکۆنەی بەردەوامی بڕینی درەختەکانی ناوچەی عەفرین دەکەن، لەلایەن ئەندامانی گروپەکانی سەر بە تورکیاوە.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بە رادەی زیانەکانی ژینگە بە جوگرافیای ناوچەکە و لەدەستدانی موڵک و سامانی کشتوکاڵی دانیشتووان بەتایبەتی دار زەیتونەکان کراوە.

میدیا بۆزان، جێگری هاوسەرۆکی لیژنەی بەڕێوبەری خۆجێی و ژینگە رایگەیاند، ناوچەی عەفرین؛ 22 ملیۆن درەختی تێدابوو، “دوو ملیۆن درەخت لە ڕەگەوە هەڵکێشراون”.

بەرهەمی ناوخۆیی زەیتوون لە ناوچەی عەفرین دابەزینی بەخۆیەوە بینی؛ بەهۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان و هەڵکێشانی بەرفراوانی درەختەکان، کە پێشتر ساڵانە 270 هەزار تۆن زەیتوونی تێدەپەڕاند، بەپێی زانیارییەکانی “بۆزان”.

بۆزان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرپرسیارێتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی دژ بە ژینگە لە عەفرین، لەو کاتەوەی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵیان کردووە، ئەمەش مەترسیە لەسەر سروشت و دانیشتووان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتگوێخستنی ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەردەوامی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پراکتیزەکردنی پێشێلکاری زیاتر دژ بە دانیشتووان و ژینگە زیاد دەکات.

بەپێی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سوپای تورکیا لە ساڵی 2018 وە کە کۆنترۆڵی شاری عەفرینیان کردووە، سەرەڕای پێشێلکارییە مرۆییەکان ناوچەکە دۆخێکی بەردەوامی پشێوی ئەمنیی بەخۆوە بینیوە.