رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێکەوت

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، سه‌ردانی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كات.

ئەردۆغان به‌ سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی کاژێر 9:15 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ به‌ڕێكه‌وت.

سەرۆککۆماری تورکیا لە بەغدا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ ئێوارەش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کۆردستان کۆدەبێتەوە.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ یەکشەممە له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ عێراق، زیاتر لە 20 رێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێن.

لەم سەردانەدا هەریەک لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ، یاشار گولەر وەزیری بەرگری، عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی، عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو وەزیری گەیاندن و ژێرخان، ئیبراهیم یوماکڵی وەزیری کشتوکاڵ و دارستان، ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، محەممەد فاتح کاجار وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا، فەخرەدین ئاڵتوون سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و باڵیۆز عاکیف چاغئاتای کڵچ راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەرۆککۆمار یاوەری ئەردۆغان ده‌بن.

دوای 13 ساڵ بۆ یەکەمجارە رەجەب تەیب ئەرۆغان سەردانی عێراق دەکات.