داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی چوار هێرش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئەستۆ دەگرێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ، رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ڕێگەی پێگە ئەلیكترۆنییەكانییەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە چوار هێرش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور و حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند.

دەزگای ئەلیکترۆنی ئەعماقی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بڵاوکردووەتەوە چەکدارانی ڕێکخراوەکە خاڵێکی پشکنینی هەسەدەیان لە دەروازەی شارۆچکەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ئەندامی هەسەدە گیانیان لە دەستداوە و یەكێكی دیكەش برینداربووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هەسەدەیان لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی زیبان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ ئەندام کوژران و برینداربوونە.

ئەوەیشی خستووتەڕوولە شاری شەحیل، چەكدارانی داعش بارەگایەکی هەسەدەیان لە گەڕەکی ئەلشەبەکە لە ناوەندی شارەکە کردووەتە ئامانج و لانیکەم ئەندامێکیان بریندار بووە.

هەروەها ڕێکخراوەکە لە یەکێک لە راگەیەندراوەكانیدا رایگەیاندووە، چەكدارنی داعش لە نزیک شارۆچکەی هۆڵ ئەندامێکی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا گیانی لە دەستداوە.

پەیامنێری نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەكردووە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی سووریای دیموكرات لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ڕاستی ئەم سێ هێرشەی دێرەزووری بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستکردووەتەوە. لەکاتێکدا تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی