ڕووسیا دەستگیركردنی ئەو کەسانە رادەگەیەنێت کە دەستیان لە هێرشەکەی سەر مۆسکۆدا هەبووە
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ، دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا چوار چەکداری بیانی دەستگیرکرد کە بە وتەی خۆی دەستیان هەبووە لە دابینکردنی دارایی هێرشێک کە مانگی ڕابردوو بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ ڕوویدا.
لە هێرشەکەی 22 ی ئاداردا لانیکەم 144 کەس گیانیان لە دەستدا و ڕێکخراوی تیرۆریست (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕوسیا ڕایگەیاندووە پێیان وایە ناسیۆنالیستە ئۆکراینییەکان پەیوەندییان بەو هێرشەوە هەیە، لای خۆیەوە کیێڤ ئەمە بە توندی ڕەتیکردەوە.
میدیاکانی ڕووسیا لە زاری دەزگای ئەمنی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، ئەو کەسانە ئەو چوار کەسەیان لە داغستانی باشووری ڕووسیا دەستگیرکردووە و ڕاشیگەیاندووە، یەکێک لەو کەسانە دانی بەوەدا ناوە کە خۆی چەکی بۆ هێرشبەرەکان هێناوە.
پێشتر، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەكرد، چەند كەسێكیان دەستگیرکردووە کە بەنیازبوون کردەی توندوتیژی ئەنجام بدەن.
ئەو چوار کەسەی کە ڕووسیا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتباریان دەکات، تاجیکین.