ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بارەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل كۆبووەوە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران شەوی ڕابردوو بەمەبەستی بڕیاردانی گونجاو سەبارەت بەو هێرشەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق کردە ئامانج و كوژرانی ژمارەیەک لە ڕاوێژکاری ئێرانی کۆبووەوە.
دوێنێ، فڕۆکەکانی ئیسرائیل باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێرانیان لە ناوەڕاستی دیمەشق کردە ئامانج و بەو هۆیەوە حەوت ڕاوێژکاری ئێران کوژران لەنێویاندا سەرکردەی دیاری سوپای پاسداران هەبوو.
دوابەدوای بەئامانجگرتنەکە، كاردانەوەكانی ئێران و سوریا بەردەوام بوون، لەلای خۆیەوە حوسێن ئەکبەری باڵیۆزی ئێران لە سوریا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی “وەڵامی یەکلاکەرەوە دەداتەوە” بەرامبەر بەو بۆردومانەی باڵەخانەی كونسوڵخانەی ئێرانی بە شەش مووشەک کردە ئامانج.
دوای بۆردومانەكە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کە دوو ئەفسەری باڵایان بە پلەی عەمید تێدایە، بە ناوەكانی محەمەد ڕەزا زاهیدی و محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی كوژراون.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا هیچ ڕۆڵێک یان زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل نەبووە.
بەرپرسەكان ڕوونیان کردووەتەوە کە ئیسرائیل چەند خولەکێک پێش ئەنجامدانی هێرشەكە بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا ئیدارەی بایدنی ئاگادارکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی داوای ڕەزامەندی واشنتۆن بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج.