مێرووی زیانبەخش مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم لە رەققە و دێرەزوور دروست دەکات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەندازیارانی کشتوکاڵی لە دێرەزوور و رەققە هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێرووی زیانبەخش لە کێڵگەکانی گەنم، کە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان هەیە، دوای ئەوەی نەخۆشی لە بەروبوومی گەنمدا تۆماركراوە.

ئەندازیار حەمود خەلەف، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستن لە دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێریی ڕەققە ڕایگەیاند، ئەمساڵ تووشبوون بە نەخۆشی و مێرووە جۆراوجۆرەکانیان لە بەرهەمی گەنم تۆمارکردووە، بڵاوبوونەوەكەش بەشێوەیەکی بەرفراوان لە کێڵگەکاندا بینراوە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە رەققە مێرووی سن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گەنم هەیە، و دەبێتە هۆی خراپی کوالێتی ئاردەكەی.

جووتیارانی گەنم و جۆ لەم وەرزەدا بەدەست تەشەنەکردنی زۆری مێرووی سن و كیسەڵە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەتایبەت لە دێرەزوور دەناڵێنن. ئەندازیار یاسر عەسکەر، سەرۆکی بەشی رێنمایی و پاراستنی کشتوکاڵی لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ڕێنمایی جووتیارانیان کردووە، ئەگەر پەتاکە لە ئاستی ئابووری تێپەڕی، کە سێ بۆ پێنج مێرووە لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا.

دەشڵێت، ئەگەر ئەو ژمارەیە تێپەڕێنرێت، باشترە قڕکەری کیمیایی بەکاربهێنرێت، داواش دەکات ماوەی ئێواران دیاری بکرێت بۆ ڕشاندنی ئەو شوێنانەی مێرووی زیانبەخشی تێدایە، بەو پێیەی قڕکەر دەبێتە هۆی مردنیان یان کۆچکردنیان.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان