پزیشکانی بێسنوور هۆشداری دەدات لە بڕینی هاوکارییە پزیشکیەکان لە کامپی هۆل

دیمەشق – نۆرس پرێس

پزیشکانی بێ سنوور رایانگەیاند، بڕینی بودجە بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لێکەوتەی خراپی لەسەر دانیشتوانی کامپی هۆل دەبێت.

 ئاماژەیان بەوەشکرد، کەمکردنەوەی بودجە بەو مانایەیە کە نەخۆشەکان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان، ناتوانن دەستیان بە چاودێری تەندروستی گرنگ بگات.

 لە راپۆرتێکدا، کە دوێنێ شەممە، رێکخراوەکە داوای لە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان کردووە “رێوشوێنی دەستبەجێ بگرنەبەر بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو هاوڵاتیانه و رێگریکردن لە کەوتنەوەی کارەساتی زیاتر.”

 جەختیشیان لەوە کردەوە کە “ژیانی ئەو کەسانە لە مەترسیدایە”، هەربۆیە “دەبێت دابینکردنی بودجە بۆیان بکرێت بە کاری لەپێشینە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەردەوامبوونی دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی کە لە کامپی هۆل و کامپەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستاندا دەژین.”

 پزیشکانی بێ سنوور ئاماژەیان بەوەش کردووە کە “دانیشتووانی کامپی هۆل ناتوانن دەستیان بە چاودێری تەندروستی لە دەرەوەی کامپەکە بگات، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست نەخۆشییە مەترسیدارەکانەوە دەناڵێنن.”

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە