دژەتیرۆری کوردستان لە چەمچەماڵ کەسێک بە تۆمەتی “تیرۆر” دەستگیر دەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، دەستگیرکردنی کەسێکیان بە تۆمەتی تیرۆر لە سنووری چەمچەماڵ، پارێزگای سلێمانی، هەرێمی کوردستانی عێراق، راگەیاند.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: “لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، دژ بە داعش، لە سنووری چەمچەماڵ، توانرا تیرۆرستێک دەستگیر بکرێت.”

بەڕێوەبەرایەتیەکە رایگەیاندووە، کە “تیرۆرستی دەستگیرکراو ناوی (ئـ. ی. م. ن.)ە و لەدایکبووی ساڵی 1972ی پارێزگای دیالەیە.”

 روونیشیانکردووەتەوە، کە “دەستگیرکراوەکە پێشینەی کاری تیرۆرستیی لەنێو هەردوو رێکخراوی تیرۆرستیی ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)دا هەبووە و لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبووە بە ماددەی 4ی تیرۆر.”

 پاش دەستگیرکردنیشی، راستەوخۆ رادەستی لایەنە یاساییەکان کراوە.