بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە دێرەزوور 20 کەس کوژران و بریندار بوون
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێنراوەوە لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا نزیکەی 20 کەس کوژران و بریندار بوون، کە هاوڵاتیانی سڤیلیشیان تێدابوو.
سەرچاوەیەکی سەربازی حکومی لە دێرەزوور ئاشکرای کرد، مینێک بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فیرقەی 17دا لە کۆتایی بیابانی ئەلمەسرەب لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور تەقیەوە و دوو ئەندام کوژران و یەکێکی دیکەش بەسەختی برینداربوون و زیان بە ئۆتۆمبێلەکەیان گەشت.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێسی ئاشکرا کرد، کە گروپێکی دیکە لە هێزەکانی ‘دیفاع وەتەنی’ کەوتنە ناو کێڵگەیەکی مینی تازە چێنراوەوە، لە بیابانی شولا لە باشووری دێرەزوور، لەکاتێکدا گەشتیان بە بیابانەکاندا دەکرد بۆ پشکنینی ئەو کرێکارانەی کە دومەڵانیان بۆ سەرکردەکانی ‘دیفاع وەتەنی’ کۆدەکردەوە.
چەند مینێک بەسەر بەو گروپەدا تەقینەوە و وەک ئامارێکی بەرایی، چوار ئەندامی هێزەکانی ‘دیفاع وەتەنی’ش گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش برینداربوون، کە سیانیان سڤیل بوون.
مین بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدەها کەس لە سووریا و بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی لە جیهاندا زۆرترین زیانی گیانی و ماددی بە هۆی مینەوە لێکەوتووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە لایەن دەزگا فەرمییەکانی حکومەتەوە هیچ هەوڵێک نییە بۆ لابردنیان.