وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزا بەسەر چەند بەرپرسێکی سووریا و خێزانەکانیاندا دەسەپێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سنووردارکردنی پێدانی ڤیزا و چوونە ناو خاکی ئەمریکاوە بەسەر 10 بەرپرسی سووریا و خێزانەکانیان دەسەپێنێت.

ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو سنووردارکردنانە، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی سووریا و کەسانی دیکە دەگرێتەوە، کە پێدەچێت بەرپرسیار بن یان هاوبەش بن لە ستەمکردن لە خەڵکی سووریا، بەتایبەتی لەڕێگەی توندوتیژی و پێشێلکردنی راستەقینەوە مافەکانی مرۆڤەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 11 کەس و قەوارەدا سەپاند، کە لە رێگەی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دارایی نایاسایی و بازرگانیکردنەوە بە ماددە هۆشبەرەکان پاڵپشتی حکومەتی سووریایان کردبوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە بەرزکردنەوەی ئاستی لێپرسینەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە بەشدارن لە چەوساندنەوەی سورییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان و رزگاربووان، گوتیشیان”ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە، بەبێ ئەوەی پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەرەو چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بەدەستبهێنین، کە لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشدا بگونجێت.”

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش