تورکیا و یۆنان.. لێدوانی دژ بەیەک

هەولێر – نۆرس پرێس

تورکیا و یۆنان کە دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆن، گوتارەکانیان سەبارەت بە سەروەری دوورگەکانی دەریای ئیجە و پرسە مشتومڕاوییەکانی دیکە پەرەپێدا، لە کاتێکدا واشنتۆن و پاریس وتیان؛ پەرەسەندن لە نێوان هاوپەیمانەکاندا “بێسوودە”.

دوێنێ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆگان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا؛ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بۆسنە و هەرزەگۆڤین، شەفیق جافارۆڤیچ، لە پایتەختی بۆسنە، هەڕەشەکانی لە یۆنان دووبارە کردەوە، ئەمەش دووهەم لێدوانی هاوشێوەیەتی، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا.

راشیگەیاند، ئەگەر یۆنان بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی وڵاتەکەی هەنگاوی پێویست دەنێت.

سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: دوورگه‌ی توركی هه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن یۆنان داگیركراون، هه‌روه‌ها بنكه‌ی سه‌ربازییان له‌سه‌ر دامه‌زراندووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی نایاسایی له‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئێمه‌، پشوودرێژیش سنوری هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌یگرینه‌بەر لەکاتی خۆیدا.”

ئەردۆگان ئاماژەی بەوەدا ئەو هەنگاوانەی یۆنان کە هێزەکانی تورکیا بە رادار چاودێریان کردووە لە دەریای ناوەڕاستدا گرتوویانەتەبەر، “بژاردەیەکی باش نییە”.

دوورگەی کاستیلۆریزوی یۆنان کە لە تورکیا بە دوورگەی مەیس دەناسرێت، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کەناراوی تورکیا دوورە. یۆنان جەختدەکاتەوە بەپێی یاسا و نەخشە، دوورگەی خۆیەتی و بەویستی خۆی جموجووڵ دەکات. هەرچیی تورکیایە رەتیدەکاتەوە ئەو هەنگاوەی یۆنان یاسایی بێت.

ئێوارەی سێشەممە 6-9-2022 نیکۆس دیندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان دوای پێشوازیکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، “یۆنان هەمیشە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریا کار دەکات، بەڵام من ئامۆژگاری هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە خەون بە هێرش و فتوحاتەوە دەبینێت، سێ چوار جار بیری لێبکاتەوە پێش ئەوەی بیکات. ئێمە توانای بەرگریکردن لە نیشتمان و سەربەخۆیی خاک و یەکپارچەییمان هەیە.”

تورکیا لە بابەتەکانی سنووری ئاوی، کۆچبەران، قوبرس و چەند بابەتێکی دیکەدا یۆنان تۆمەتبار دەکات. یۆنانیش تورکیا بە “پاوانخواز” ناودەبات و ناردنی کەشتیی پشکنەری تورکی بۆ چەند ناوچەیەکی ئاویی دەریای نێوەڕاست بە پێشێلکاری ناودەبات.