کوژرانی سێ ئەندامی لیوای قودس لە رۆژهەڵاتی حومس

حومس – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، سێ ئەندامی لیوای قودسی سەر بە ئێران لە بۆسەیەکدا کە پێدەچێت لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە دانربێت، لە یەکێک لە شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی حومس لە ناوەڕاستی سووریا، کوژران.

پەیامنێری نۆرس پرێس لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە لە لیوای قودسی لایەنگری ئێران رایگەیاند، “ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لیوای قودس کە تەقەمەنی و چەکی هەڵگرتبوو، لە نزیک رێگای سەرەکی رۆژهەڵاتی حومس کەوتە بۆسەی داعشەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە جلوبەرگی سەربازی هێزەکانی حکومەتیان لەبەردا بووە و خاڵێکی پشکنینیان لەسەر رێگای سەرەکی حومس- تدمر داناوە، دواتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەی سەر بە لیوای قودس کردووە و بەهۆیەوە سێ ئەندام کوژراون کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون .

ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، ئەندامانی رێکخراوەکە دەستیان بەسەر سەرجەم چەک و تەقەمەنی ناو ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە، دواتریش بەگوێرەی شایەتحاڵانی بەرەو قوڵایی بیابانەکان هەڵاتوون.

ئامادەکردن: عومەر عەبدولرەحمان / داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی