بەڕێوبەریی خۆسەری: نەتەوەیەکگرتووەکان دان نانێت بە ئاوارەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستاندا

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەریی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان دان بە ئاوارەکانی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپیدا نانێت و ئاماژەی بەوەدا کە “هیچ جۆرە پاڵپشتییەکیان پێناگات”.

زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ساڵانی 2018-2019 لە عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، کە زۆرینەیان لە کامپەکانی شەهبا و واشۆکانی و سەرێ کانێ لە گوندەواری حەسەکە و کامپی ئەلسمەن لە گوندەواری رەققە.

شێخموس ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کامپ و ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە لە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەردا هەن، کە بەسەر 17 کامپدا دابەشکراون و “نەتەوەیەکگرتووەکان تەنها دان بە پێنج کامپدا دەنێن”.

ئەو کامپانەی نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان پێدا ناوە و پاڵپشتییان لێدەکرێت بریتین لە کامپەکانی هۆل، رۆژ، ئەلعەریشە، ئەلمەحمودلی، نەورۆز. بە وتەی ئەو بەرپرسەی…

بەڕێوبەریی خۆسەری 6 کامپ لە جەزیرە، کەمپێک لە دێرەزوور، کەمپێک لە رەققە، دوو کامپ لە تەبقە، دوو کامپ لە مەنبیج، 5 کەمپ لە شەهبا، جگە لە کامپەکانی هەڕەمەکی کە لە ناوچەکە، بەڕێوەدەبرێن.

ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان دان بەو کامپانەدا نانێت کە ئاوارەکانی عەفرین و سەرێ کانێ و گرێ سپی تێدایە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەڕێوبەریی خۆسەری بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە و رێکخراوە مرۆییە نافەرمییەکان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کامپەکان بەڕێوەدەبەن.

شێخموس ئەحمەد داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کرد بەشداری بکەن لە کردنەوەی دەروازەکان لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەر بە تایبەت لە دەروازەی یەعروبیە.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان