مەزڵوم عەبدی: سێ لایەن ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بە ئامانج دەگرن
رەققە – نۆرس پرێس
ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، سێ لایەن ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بە ئامانج دەگرن، ئەوانیش داعش، توركیا و رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیەتی.
ئەم قسانەی ژەنەڕاڵ عەبدی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا بوو کە لە میانی چوارەمین کۆنفرانسی پارتی سوریای ئایندە (حزب سوريا المستقبل) کە لە شاری رەققە بەڕێوەچوو.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری مەترسیدار دەبنەوە، لەوانە رێكخراوی داعش کە هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات و توانای بەردەوامبوون و دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەیە.
وتیشی، داگیرکاری تورکیا هێشتا بوونی هەیە، تورکیا ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەقامگیری ناوچەکە بکات و دانیشتووانەكەی ناچار بە کۆچكردن بكات.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموكرات دەشڵێت رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمنی و دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدەن
راشیگەیاند پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەم ئاڵنگاریانە.