لە دێرەزوور 13 ئەندامی میلیشیایەکی سەر بە ئێران کوژران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانییدا، کە پێدەچێت لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجامدرابێت، بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە دێرەزوور، و مەیادین و بوکەمال و گوندەوارەکەی، 13 ئەندامی میلیشیایەکی سەر بە ئێران کوژران، لەنێویاندا سەرکردەیەکی ئێرانی بە پلەی “عەقید”هەیە و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سەرچاوە ئەمنییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کە هێرشەکان دوو بارەگای سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە گەڕەکی ڤێلاکانی شارەوانی و بارەگای پەیوەندییەکان و بارەگایەکی ئەمنی، بەرامبەر سەرۆکایەتی زانکۆی فوراتیان کردە ئامانج.

پەیامنێری نۆرس پرێس لەزاری سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەکانەوە رایگەیاند، “لە هێرشە ئاسمانییەکاندا 13 ئەندامی میلیشیاکە کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

راشیانگەیاندووە، کە دیارترینی کوژراوەکان یەکێکە لە سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە نامەنووسی سەربازی بووە بە ناوی “بەهرۆز وەحیدی”، کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و پلەی عەقید بووە لە ناو سوپاکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکانی دیکە هەموویان عێراقی بوون و لەو هەڵمەتانەدا کوژراون کە ناوچەی ئەلساڵحە و شاری بوکەمالیان کردۆتە ئامانج، جگە لەوەش یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی سووری بووە.

ئامادەکردنی: سەعید ئەلحەیس – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش