هەسەدە هەوڵێکی هەڵاتن لە کامپی هۆل پوچەڵدەکاتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیان هەوڵێکی هەڵهاتنی دوو کەس لە “بەچکەکانی خەلافەت” کە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” بوون لە کامپی هۆل، لە رۆژئاوای کوردستان پووچەڵ بکەنەوە.

بەگوێرەی راگەێنراوێکی پێشووی کارمەندێکی کامپەکە، کامپی هۆل بەردەوام هەوڵی هەڵهاتن ژنان و ئەندامانی داعش بەخۆوە دەبینێت و زۆربەی هەوڵەکانیش هاوکاتن لەگەڵ هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا.

هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەر بە هێزەکانمان، هەوڵێکی هەڵهاتنیان لەلایەن دوو ئەندامی بەناو “بەچکەکانی خەلافەت”ەوە، کە خۆیان لە کامپی هۆل حەشاردابوو، پووچەڵکردەوە، هەروەها کەسێکیان دەستگیرکرد کە تێوەگلاوە لە قاچاخچێتی و دەربازکردنی ئەندامانی داعش”.

روونیشانکردەوە، دوای چاودێری، هەڵیانکوتاوەکە سەر ئەو حەشارگەیەی کە دوو ئەندامەکەی “بەچکەکانی خەلافەت” خۆیان تێدا شاردبوەوە ، کە “ئەندۆنیزییەک و تورکمانستانیەک” بوون، لەگەڵ قاچاخچییەکەیان کە رەگەزنامەی سورییە، دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی