وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق: تا ئێستا 2000 خێزانی عێراقی کەمپی هۆڵیان بەجێهێشتووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئیڤان فایق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2014 لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش، 900 خێزانی عێراقی ئاوارەبوون، هەروەها دەڵێت، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی کەمپی ئەلحەولیان لە باکوری سوریا بەجێهێشتووە.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “سکای نیوز عەرەبی” ئاماژەی بەوەكرد، گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی لە کەمپی هۆڵ نیشتەجێ بوون لە ڕێگەی هەوڵێکی هاوبەشی حکومەت و لە ڕێگەی لیژنەی ئەمنیەوە دەبێت.

وتیشی حکومەت گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە لە کەمپی هۆڵ گەڕاونەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام. هەروەها پرۆسەی چاکسازی هەیە بۆ ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی منداڵان و ژنان.

پێشتر قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەزار و 924 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆڵی رۆژئاوای كوردستان گەڕێنراونەتەوە عێراق.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە