بە گرێبەستی سەرسوڕهێنەر.. هیلالی سعودی بە نیازی راکێشانی یاریزانێکی بەرشەلۆنەیە

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

لەم دواییانەدا، ناوی رافینیای، یاریزانی باڵی یانەی بەرشەلۆنە لە زۆرێک لە یانە سعودییەکانەوە بیسترا، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، یاریزانە بەڕازیلییەکە ئۆفەرێکی بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بەدەست گەشتووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی “سپۆرت”، یانەی هیلال بەتەواوەتی ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی ئۆفەرێکی فەرمی بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ، بەمەبەستی راکێشانی رافینیا بۆ ریزەکانی.

رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، یانەی هیلال بەنیازە نەیماریش بۆ یانەکەی بهێنێت، هەروەها خۆرخی خیسوسە، راهێنەرە پورتوگالییە خاوەن کەسایەتییەکی توندەکەش، کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لە بردنەوەکانیدا.

بەپێی رۆژنامەکە، بەرشەلۆنە ناتوانێت پێشنیارەکەی هیلال رەت بکاتەوە، بەهۆی سوودە ئابووری و وەرزشییە زۆرەکەیەوە، تا بتوانێت لە ماوەی داهاتوودا گەنجینەی یانەکە ببوژێنێتەوە.

ئاماژەیان بە قەیرانی ئابووری بەرشە کرد، کەوا هاندەرە بۆ ئەوەی ئیدارەی یانە کەتەلۆنیەکە هەنگاو بنێت بۆ فرۆشتنی چەند یاریزانێک، ئەمە جگە لەوەی رافینیا دوور دەخاتەوە و دەرگا بەڕووی لامین یامال یاریزانی لاودا دەکاتەوە تا زیاتر بدرەوشێتەوە.

رافینیا ساڵانە پێنج ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ لە بەرشەلۆنە دەستدەکەوێت، ئەمەش وایکردووە یانەی هیلال ئەم مووچەیە سێ هێندە بکات بۆ ئەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە رازی بکات بە هاتنی بۆ خولی روشن.