ئەمەریکا: پێشتر ئاگاداری هێرشە چەکدارییەکەی سەر مۆسکۆ بووین
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێ پێشتر ئاگاداری هێرشە چەکدارییەکەی سەر مۆسکۆ بوون و روسیایان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.
ئادرین واتسن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند:” سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زانیاریان بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆرستی لە مۆسکۆ”. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە “حکومەتی ئەمەریکا ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە هێرشەکە دەستیکەوتبوون لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رەوانەی حکومەتی رووسیا کردووە”.
شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر باڵەخانەیەکی مۆسکۆی پایتەختی روسیا و بەگوێرەی دواین ئامارەکان، بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی چەکدارەکانەوە تاوەکو ئێستا 200 کەس کوژراون و بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە گروپێکی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرامەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و جەختی لەوەشکردەوە، چەکدارەکانیان دوای هێرشەکە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.