بەڕێوبەریی خۆسەریی سەرکۆنەی هێرشە “تیرۆریستیەکە”ی سەر مۆسکۆ دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد بۆ سەر ناوەندێکی بازرگانی و هۆڵی ئاهەنگگێڕان، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، کە چەکدارانی “داعش” گرتیانەئەستۆ.

بەڕێوبەریی خۆسەریی رایگەیاند، “ئەم کردەوە تیرۆریستییە و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل هاوشێوەی ئەوەیە کە لە ناوچەکانی ئێمەدا روودەدات”.

دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە 40 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون، ئاژانسی رۆیتەرزیش لە ئامارێکی نوێدا رایگەیاند، 62 کەس گیانیان لەدەستداوە و 146ی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش بەهۆی تەقەکردن و دواتر گڕگرتنی ناوەندەکەوە، کە ئێوارەی دوێنێ هەینی لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە دەرەوەی ئەم مۆسکۆی پەیتەخت رووسیا روویدا.

دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “بە هەموو شێوەیەک ئەو کردەوە تیرۆریستییە شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی و هاوخەمی دڵسۆزانەمان ئاراستەی حکومەت و گەلی رووسیا دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندار بوون دەخوازین”.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رێکارێکی پێویست و گرنگە، کارێکە کە پێویستی بە هاوکاری تەواوی نێوان هەموو ئەو هێزانەیە، کە دەیانەوێت بەرەنگاری ببنەوە و کۆتایی پێبهێنن”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش