لە سەر ئاستی جیهانیدا هێرشەکەی مۆسکۆ سەرکۆنە دەکرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
پاش ئەنجامدانی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان (لەوانەش نەیارانی مۆسکۆ) بەردەوام بوون.
هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێ هەینی، بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی نزیکەی 200 کەس، هاوکات رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رایگەیاند.
دەسەڵاتدارانی رووسیا گوتیان زیاتر لە 40 کەس کوژراون و 100 کەسیش برینداربوون، هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە ئامارێکی نوێدا رایگەیاند کە 62 کەس گیانیان لەدەستداوە و 146 کەسیش برینداربوون، ئەمەش لە ئەنجامی تەقەکردنەوە و دواتر ئاگرێکی گەورەیان لە هۆڵی ئەهانگگێڕانەکە بەرداوە، کە دەکەوێتە چواردەووری پایتەختی رووسیاوە.
کۆشکی سپی دوابەدوای راگەیاندنی زیانە گیانییەکان سەرەخۆشی خۆی پێشکەش کرد و جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر دەدەن، هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیانی “هێرشە ترسناکەکە” دەربڕی.
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ئەمینداری گشتی پرسەو سەرەخۆشی قوڵی خۆی بە کەسوکاری قوربانیان و گەل و حکومەتی رووسیا دەگەیەنێت.
پیتەر ستانو، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، “یەکێتی ئەوروپا تووشی شۆک و دڵتەنگی بووە، بەهۆی ئەو هەواڵانەی باس لە هێرشێکی تیرۆریستی لە هۆڵی کروکوس لە مۆسکۆ دەکەن”.
فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، نەمسا و ئێران هەموویان سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد و بە راگەێنراوی جیا هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی.
لە جیهانی عەرەبیشدا دیمەشق، هاوپەیمانی مۆسکۆ، وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هێرشەکەوەن، هاوکات میسر و سعودیە و عێراقیش هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ رووسیا دەربڕی و جەختیان لە بەردەوامیدان بە شەڕی دژ بە تیرۆر کردەوە.