تورکیا 39 پێگەی لە ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا و لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، کە ناویانلێناوە (چنگ-قفڵ)، 39 پێگەیان لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بۆردومانکردووە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپاکەیاندا، رۆژانی 19 و 20ی ئازاردا، 39 “پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان”یان لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بۆردومانکردووە.

بە گوتەی وەزارەتەکەی تورکیا، پێگەکان کوتبوونە ناوچەکانی (مەتینا، زاپ، چیای گارە و قەندیل و خواکوڕک)ەوە، گوتیشیان بەھۆیەوە ژمارەیەک گەریلا کراونەتە ئامانج، بەڵام تائێستا پارتی کرێکارانی کوردستان لەوبارەوە ھیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.

دوێنێش وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، “لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

تورکیا بە بەردەوامی و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی خۆی و بەئامانجکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، ناوچە جیاجیاکان  و شار و چیاکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات.