مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێڕاق دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمریکا پیرۆزبایی نەورۆزی لە مەسعود بارزانی و گەلی كوردستان كردووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكان، “نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان دەربڕیوە و داواشی كردوە پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیکە پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بكەن.”

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەڵیۆزی ئەمریکای راگەیاندووە، کە “پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە و ترسی لە هەڵبژاردن نییە، بەڵكو تێبینیی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە.”

 بارزانی باسی لەوەش کردووە، “بە بیانووی جۆراوجۆر دوو ساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەمكردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نادەستوری و نایاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.”