مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خەڵی کوردستان و بەتایبەتی “پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان” دەکات و هیوای شادی و کامەرانییان بۆ دەخوازێت.

لە پەیامەکەیدا هاتووە، “نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە”.

دەشڵێ، “رێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت”.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و ستەم و بێدادیی بێت، کە وەک دەڵێ “بەرانبەر گەلی کوردستان دەکرێت”.