ئیدلب.. خۆپیشاندان دژی تەحریر شام و سەرکردەکەی بەردەوامە
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ، چەند ناوچەیەكی سەر بە شاری ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، خۆپیشاندان دژی دەستەی تەحریر شام ” بەرەی نوسرە” ی پێشوو و سەرکردەکەی “ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی” بەڕێوەچوو.
ماوەی نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانەکانی دژی دەستەی تەحریر شام لە ناوچە جیاجیاكانی ئیدلب و گوندەواری حەلەب بەردەوامە و چەندین داواکاری و دروشم بەرزدەكرێنەوە، خۆپیشاندەران رەتیدەكەنەوە وازبێنن تا داواکارییەكانیان جێبەجێ نەکرێن.
پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری سەرچاوە خۆجێییەكانەوە رایگەیاند، سەدان کەس خۆپیشاندانیان دژی تەحریر شام دوای نوێژی تەراویح لە شاری سەلقین لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلب و شاری ئەریحا لە باشووری ئەو شارە و شارۆچکەی ئەلفوعە و تەفتەناز لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب سازكرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەران دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردەوە و داوای لابردنی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام و دەزگای ئەمنی گشتی ئەو میلیشیایە دەکەن، جگە لە ئازادکردنی دەستگیرکراوانی زیندانەکانی میلیشیای تەخریر شام.