لە باغۆز دەستدرێژی کرایە سەر باڵەخانەیەکی بەڕێوبەریی خۆسەری
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی سێشەممە، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە مەبەستی دزیکردن هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی شارەوانی شارۆچکەی باغۆز لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان.
کارگێڕێک لە شارەوانی باغۆز بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بەسواری مۆتۆڕسکیل و ئۆتۆمبیلێکی جۆری هۆندا، هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی شارەوانی بە مەبەستی دزیکردن، توانیویانە دەست بەسەر چەکی دوو پاسەوانی شارەوانیدا بگرن و پاسەوانەکان ببەستنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گروپە چەکدارە کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و ئامێرە کارەباییەکانیان دزیوە و باڵەخانەکەیان تێکداوە، دواتر بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
باڵەخانەی شارەوانی دەکەوێتە بەشی کۆتایی بیابانی شارۆچکەکەوە، دوورە لە ماڵە سڤیلەکانەوە بەڵام بە گوتەی ئەو بەرپرسە ، پێشتر هیچ رووداوێکی لەوخۆرە رووینەداوە.
تا کاتی ئامادەکردنی هەواڵەکەش، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.