میدیای حکومی: پێدەرسن پێشنیازی كردووە کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستوریی سووریا لە ریاز ئەنجام بدرێن

دیمەشق – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمیی سووری ڕاگەیاندووە، گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، پێشنیازی کردووە ڕیازی پایتەختی سعودیە ببێتە شوێنی نۆیەمین خولی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووریی سووریا.

پێدەرسن ڕۆژی شەممەی رابردوو لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەڕێوەچوونی خولی نۆیەمی لیژنەی دەستووری گەیشتە دیمەشق.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کردبوو لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، دانیشتنی نۆیەمی لیژنەی دەستوریی بەڕێوەبچێت، بەڵام رەتكرابووەوە، هەروەها واشنتنیش رەتیكردبووە كۆبوونەوەكان بە ڕێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک پایتەختی عەرەبی بەڕێوەبچێت .

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کردووە کە کۆبوونەوەکان لە ڕیاز بەڕێوەبچن، ڕەنگە ئەمەش ڕووبدات ئەگەر ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بەدەستبهێنێت.

هەروەها ڕایگەیاندووە وەڵامی سوریا ئەوە بووە کە دیمەشق هەموو کاتێك ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم ڕێگایە، بەڵام دەبێت لە شوێنێكی بێلایەن بێت.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە