سەدان كه‌س دەستگیركران و هەزاران دار بڕدران… ئاماری پێشێلكارییه‌كانی ساڵانە له عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “ئینسایت” له‌ماوه‌ی ساڵێكدا، به سەدان دەستگیرکردنی لەلایەن تورکیا و میلیشیاكانی لە عەفرین به‌بڵگه كردووه.
ڕێکخراوەکە دەستگیرکردنی 604 کەسی لە لایەن میلیشیای “جه‌یش وه‌ته‌نی” تۆمار كردووه، کە 528 پیاو و 54 ژن و 21 منداڵ و چالاکوانێک بوون و 96 کەسیش لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکراون کە 92 کەسیان پیاو و 4 ژن بوون.
کۆی گشتی حاڵەتەکانی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی كورد له عەفرین لەلایەن میلیشیاكانی توركیا گەیشتۆته ٣٩ حاڵەت، هەروەها دەست بەسەر دوو هەزار و ١٢٠ دار زەیتوندا گیراوە.
به دەیان حاڵەتی دزیکردن لە وەرزی زەیتوندا تۆمارکراوە، هاوکات ژمارەی سه‌تاندنی دارەکان گەیشتووەتە سێ هەزار و ٦٠٥ نەمام کە سێ هەزار و ٤٥٠ دار زەیتونیان تێدابووه.
“ئینسایت” بەڵگەی بڕینی ١١ هەزار و ٧٧١ داری به‌ڵاوكردۆته‌وه كه ٨ هەزار و ٣٠٣ دار زەیتون بوون و هه‌مووشیان له‌لایه‌ن میلیشیاكانی توركیا بڕدراون.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەدا ئه‌وه‌شی خستۆته ڕوو كه سەپاندنی پارەی به‌سه‌ر هاوڵاتییانی ره‌سه‌نی عه‌فرین لەلایەن میلیشیاكانی توركیا گه‌یشتۆته 104 حاڵەت، کە 51 حاڵەتیان لەلایەن میلیشیاكانی “سلێمان شا” بووە کە بە “عه‌مشات” ناسراون.
سه‌پاندنی ئه‌و بڕه پارانه جیاوازن له باجەکان، بۆ نمونه پاره ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌و خەڵکه مەدەنییه‌ی كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵی خۆیان دوای ئاواره‌بوون ، هەروەها پارەی له خاوه‌ن دار زه‌یتوونه‌كان ده‌سه‌پێنن، هەروەها لە کاتی دوورینه‌وه‌ی بەرهەمی زەیتون، ئه‌وه به‌شێكی له خه‌جوتیاران وه‌رده‌گرن.