وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیەندراوێكی هاوبەشی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا  ئیدانە دەكات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی سوریا راگەیەندراوێكی هاوبەشی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیای ئیدانە کرد کە لە یادی 13 ساڵەی شۆڕشی سوریادا بڵاویان كردبووە.

دوو رۆژ لەمەوبەر، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە سێزدەهەمین ساڵیادی “شۆڕشی سوریا”دا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا رایانگەیاند پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رژێمی سووریا ئاسایی ناكەنەوە و سزاکانی سەری هەڵناگرن.

هەروەها ئەو چوار وڵاتە ئاماژەیان بەوەشکرد، خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی سوەیدا، داخوازییەکانی ئاشتی و ئازادی و کەرامەت نیشاندەدەن کە 13 ساڵ لەمەوبەر ناڕەزایەتییەکانیان لێکەوتەوە، هەروەها هەلومەرجی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا بە ئارامی و شکۆمەند و خۆبەخشانە هێشتا بەدی نەهاتووە.

لە بەرامبەردا حكومەتی دیمەشق دەڵێت هەر یەكە لەم چوار وڵاتە له ماوه ی سێزده ساڵی ڕابردوودا بەردەوامبوونە لە دژایەتیكردنی سووریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وڵاتانە هەموو ئامرازەکانی شەڕیان لە دژی دیمەشق بەکارهێنا، لە هەڵمەتی هاندان و بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە و تا وەبەرهێنان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، تا دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نایاسایی و سەپاندنی ڕێوشوێنی یەکلایەنەی زۆرەملێ و نامرۆڤانە بەسەر سوریادا، تا دەگاتە داگیرکردنی ڕاستەوخۆی بەشێک لە خاکی سوریا.

دارشتنەوەی: سەعد یازیچی