ترامپ: ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەرنەچم کارەساتی ئابووری دەقەومێت
هەولێر – نۆرس پرێس
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و پاڵێوراوی کۆمارییەکان لە کێبڕکێی کۆشکی سپیدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای کە بڕیارە مانگی تشرینی دووهەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بە وەرچەرخانێک لە مێژووی ئەمریکادا وەسف کرد.
ترامپ هۆشداری دا لە “کارەسات” دژ بە ئابووری ئەمریکا، ئەگەر لە کۆتایی ئەم دەنگدانەدا هەڵنەبژێردرێت، کە تیایدا رووبەڕووی سەرۆکی ئێستای دیموکراتەکان، جۆو بایدن دەبێتەوە.
دوای چوار رۆژ لە کاندیدکردنی لە لایەن کۆمارییەکانەوە، ترەمپ لە میانی گردبوونەوەیەکی پارتەکەیدا لە شاری ڤاندالیای ویلایەتی ئۆهایۆ رایگەیاند کە “5ی تشرینی دووەم گرنگترین رۆژ دەبێت لە مێژووی وڵاتەکەماندا”.
لە کاتێکدا سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی کۆمارییەکان بە “خێراترین سەرکەوتن تا ئێستا بەدەست هاتبێت” دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە بەو مانایە دێت کە دەبێت زیاتر لە حەوت مانگ چاوەڕێ بکات پێش ئەوەی جارێکی دیکە رووبەڕووی بایدن ببێتەوە لە دیمەنێکدا کە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ی بیردەخاتەوە.
ترەمپ رایگەیاند، “پێدەچێت ماوەیەکی زۆر بێت کەسانی ناکارامە وڵاتەکە بەڕێوەببەن و بەرەو کەوتن و سەرەولێژی دەبەن”.