ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای پێکهێنانی بەرەیەک دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی سووریا

ره‌ققه‌ – نۆرس پرێس

لە راگه‌یه‌ندراوێكدا بە بۆنەی سێزدەهەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا، ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات داوا ده‌كات بەرەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی سوریا پێکبهێنرێت، ئاماژەی بەوەشداوه‌ لەم بوارەدا لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی دیموکراسی نیشتمانی سوریا و حزبەکان کار ده‌كه‌ن.

ئەنجومەنەکە ده‌ڵێت: بەردەوامین لە کارەکانمان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری دیموکراسی بە ئامانجی پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان کە ئامانجی سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی سوریا و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکەیە لە بەرژەوەندی گەلی سوریادا.

لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژە بەوەش کراوە تاوانەکانی تورکیا و ڕژێمی بەعس کاریگەرییە قووڵەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، کە دەبێت سەرەتا بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت لەلایەن سورییە ئازادەکانەوە، به‌ دەستپێشخەری نیشتمانی بوێر و داهێنەرانە، هەروەها به‌ خەمخۆری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن سورییەکان بڕیاری نیشتمانی خۆیان بده‌ن.

مه‌سه‌ده‌ پابەندبوونی خۆی بە دۆزی گەلی سوریا و داواکارییەکانیان نوێ ده‌كاته‌وه‌، هەروەها سه‌ركۆنه‌ی “تاوانەکانی ڕژێمی بەعس”ی دژی گەل کردووه‌ لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا و ڕایگەیاندووه‌: بە دڵسۆزی و ئازارێکی زۆرەوە یادی منداڵە بێتاوانەکانی درعا، ده‌كه‌ینه‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان