دانوستانە نهێنییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانییان لە شاری مەسقەت کۆکردووه‌ته‌وه‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕاپۆرتە میدیاییەکان باسیان لە دانوستانە نهێنییەکانی مەسقەتی پایتەختی عومان کردووه‌ کە ئەمریکا و ئێرانی کۆکردووه‌ته‌وه‌، له‌ دانوستانه‌كان گفتوگۆیانله‌باره‌ی هەڕەشەی حوسییەکان کردووه‌ بۆ سەر هاتوچۆی کەشتیوانی و هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئێران و ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، تاران و واشنتن لە مانگی یەکی ڕابردوودا دانوستانێکی ناڕاستەوخۆی نهێنییان ئەنجامداوە، شاندەکەی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بووە، وەفدی ئەمریکیش بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، دانوستانە نهێنییەکانی نێوان تاران و واشنتن باسیان لە هەڕەشەی حوسییەکان کردووە بۆ سەر کەشتییه‌كان لە دەریای سوور و هێرشکردنە سەر بنکەكانی ئەمه‌ریکا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.

واشنتۆن داوای لە ئێران کردووه‌ بریکارەکانی خۆی ڕابگرێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی حوسییەکان ڕابگرێت و واز لە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکاش بهێنێت، تارانیش داوای لە ئیدارەی سەرۆک بایدن کردووه‌ بگەنە ئاگربەست لە غەززە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، تاران مەرجی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە لەدوای ئاگربەستی غەززە، هه‌ژموونی خۆی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان بەکاربهێنێت و نەک پێش ئەو ئاگربەستە.

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان