پێدەرسن: هیچ چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا لە ئارادا نییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، دوای 13 ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی سوریا، هیچ ڕێگەچارەیەکی سیاسی لە ئارادا نییە بۆ قەیرانی سوریا.
ئەمڕ، پانزەی ئادار، سێزدەهەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی شەڕی سوریایە، کە لە درعا دەستیپێکرد و دواتر بە هەموو سوریادا بڵاوبووەوە.
پێدەرسن، لە راگەیەندراوێكدا کە بە بۆنەی ساڵیادی شەڕی سوریا بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت قەیرانی مرۆیی لەم وڵاتە هێشتا خراپتر دەبێت، بەو پێیەی 16.7 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، هەروەها زیاتر لە 5 ملیۆن پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێدا دەژین و زیاتر لە 7 ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی سوریادا هەن.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردەوە هیوا بۆ گەلی سوریا ناگەڕێتەوە جگە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی تا کۆتایی بەم ململانێیە درێژخایەنە بهێنێت.
پێدەرسن داوای لە هەموو لایەنە ناكۆكەكان کرد دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو دەست ئازاد بکەن، دەشڵێت هێشتا پەنابەران و ئاوارەکان مەرجی پێویستیان نییە بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە و خۆبەخشانە.