سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداریدەدا.. چەک و تەقەمەنی ئۆکرانیا لە تەواوبووندایە

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژی پێنجشەممە، ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداریدا لەوەی وڵاتانی ناتۆ “کەرەستەی تەواو”یان بۆ ئۆکرانیا دابین نەکردووە، ئەمەش رێگەی بە هێزەکانی رووسیا داوە لەم دواییەدا دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن.

ستۆڵتنبێرگ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئۆکرانیەکان ئازایەتییان تەواو نابێت، بەڵام چەک و تەقەمەنییان تەواو دەبێت.

بە گوتەی ئەو، دوای زیاتر لە دوو ساڵ شەڕ، سوپای ئۆکرانیا بەدەست کەمیی چەکەوە دەناڵێنێت و پێویستی بە تەقەمەنی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوی سوپای رووسیا.

ستۆڵتنبێرگ گوتیشی: هاوپەیمانانی ناتۆ تەقەمەنی پێویست بۆ ئۆکرانیا دابین ناکات و ئەمەش هەموو رۆژێک لە بەرەکانی شەڕدا لێکەوتەی خراپی بۆ ئۆکرانیەکان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و یەکێکە لەو هۆکارانەی کە رووسەکان توانیان لە بەرەکانی جەنگدا هەندێک پێشکەوتن بەدەستبهێنن.

ستۆڵتنبێرگ کە بەردەوامە لە هاندانی هاوپەیمانان بۆ ناردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکرانیا، گوتی: ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا دەبێت یارمەتیەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن و پێویستمان بە پابەندبوونی درێژخایەن هەیە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە کێشەکە نەبوونی تواناکان نییە، بەڵکو بابەتی “ئیرادەی سیاسی” پێویستە بۆ بڕیاردان و بە لەپێسینەگرتنی دۆسیەی پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا”.

ترسی ئۆکرانیا لە پاشەکشێ لەسەر زەوی بەرامبەر بە رووسیا، بەهۆی نەبوونی چەک لە چەند هەفتەی رابردووەوە زیادیکردووە.

لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاوپەیمانانی رۆژئاوا کرد کە هاوکاری سەربازی “لە کاتی خۆیدا” بگەیەننە وڵاتەکەی.

پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای زیاتر لە 60 ملیار دۆلار کە ئیدارەی سەرۆک جۆو بایدن داوای کردبوو، بەهۆی ناکۆکی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانەوە تا ئێستاش لە کۆنگرێسدا قەتیس بووە.

بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو کۆشکی سپی هاوکارییەکی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا راگەیاند. کە مووشەکی دژە ئاسمانی و تەقەمەنی و تۆپخانە لەخۆدەگرت.

هاوکات وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رۆژی چوارشەممە گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ زیادکردنی بڕی پێنج ملیار یۆرۆ بۆ سندوقی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا.