تاران دەنگۆی بوونی دانوستان لە گەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیاکانی ئێران لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە کە تاران هیچ دانوستانێکی پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە.

میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی تارانەوە رایانگەیاند، کە گۆڕینەوەی پەیام و دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتن و تاراندا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکان و دۆسیەی ئەتۆمی هەبووە، بەڵام لەبارەی پێشهاتەکانی دەریای سوور هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووە.

ئەمڕۆ ئاژانسی “فاینانشیاڵ تایم”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور بەڕێوەچووە، کە بە گوتەی ئاژانسەکە، برێت مەکگۆرک، راوێژکاری کۆشکی سپی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی شاندەکەی ئەمریکای کردووە و عەلی باقر کنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتی شاندەکەی تارانی کردووە.