“هەسەدە” شەهیدبوونی دوو ئەندامیانی لە دێرەزوور راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند، دوو لە ئەندامانیان لە دێرەزوور لەکاتی هەڵگرتنەوەی مینی پاشماوەی “داعش” گیانیان لەدەستداوە.
“هەسەدە” لە راگەێنراوێکدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویانکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “کاریگەرییەکانی داعش بەردەوامن لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە رێکخراوەکە پێشتر کۆنتڕۆڵیان کردبوو، دانیشتوانی ئەو ناوچانەش بەدەست پاشماوەکانییەوە دەناڵێنن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “لەکاتێکدا شەڕڤانەکانمان سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو مینانە بوون کە لەلایەن داعشەوە لە دێرەزوور چێندرابوون، دوێنێ سێشەممە، مینێک بە دوو شەڕڤاندا تەقیەوە و بەو هۆیەوە گیانیانلەدەستدا”.
لەکۆتایی راگەێنراوەکەدا، (هەسەدە) سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو دوو شەڕڤانە کرد و روونی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەموو ناوچەکاندا.